سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەركانی ‎ هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندی یاوەری دەكات


ڕۆژی سێشەممە 4ـی 4ـی 2017 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆڕد سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جارید كۆشنەر گەورە ڕاوێژكاری سەرۆكی ئەمەریكا و تۆم بۆسارد ڕاوێژكاری ئاساییشی ناوخۆی سەرۆكی ئەمەریكا و كێیت شیللەر بەڕێوەبەری ئۆپەڕاسیۆنەكانی نووسینگەی ئۆڤەل و دۆگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ داونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و سەربازیی كۆنسوڵخانە و سوپای ئەمەریكا.

‎لە دیدارەكەدا كە شاندێكی باڵای حكوومی و ئەمنی و سیاسی و سەربازیی هەرێم ئامادە بوون، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا لە وتەیەكدا پێزانینی بۆ سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و دەستكەوتەكانی هێزی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە كرد و ڕایگەیاند كە قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆدا بە نرخترین بابەتە و خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە پابەندبوونی ئەمەریكا بە پشتیوانیی هەرێم فراوانتر دەكات و ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ بەردەوامیی سەركەوتنەكان پێویستیمان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە. لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا باسی لە تێگەییشتنی ئەمەریكا و ئیدارەی تازەی وڵاتەكەی كرد لە ئازار و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان. هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كردەوە و ئەوەیشیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە گەلی ئەمەریكا و ئیدارەی تازەی ئەمەریكا سەرسامن بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و قارەمانێتیی پێشمەرگە.

‎لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆردا پاڵپشتی پێشمەرگە بوون و وێڕای ئاماژەدان بە قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگە ڕایگەیاند كە جێگەی شانازییە كە بە یارمەتیی ئەمەریكا و هاوپەیمانان پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی شكاند و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا كە بە هۆی هەماهەنگیی بێوێنەی نێوان پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا سەركەوتنی گەورە تۆمار كراوە بە بێ ئەوەی تەنانەت یەك شوێنی سڤیلیش بكرێتە ئامانج. سەرۆك بارزانی جەختیشی لە بەردەوامی و بەهێزتربوونی هاوپەیمانێتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا لە شەڕی تیرۆر كردەوە.

‎لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەی كرد كە لەسەر دەستی حكوومەتەكانی عێراقی تووشی گەلی كوردستان هاتووە. جەختیشی لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و نەبوونی حەساسیەتی نەتەوەیی و تاییفی لە كوردستان كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە هەر ئەو فەرهەنگەیە وای كردووە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا سەركەوێت.

‎هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهاتە مەیدانییەكان لە شەڕی موسڵ تاوتوێ كرا و ڕۆشناییش خرایە سەر ئەو مەترسی و تەحەدیاتەی كە لە قۆناغی دوای داعش دێنە ئاراوە.

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  Change )

Connecting to %s

%d bloggers like this: